بەشەکان

هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر گوشارێكی زۆری ئێران و ئه‌مریكادایه‌

بەشەکان

رووداو – هه‌ولێر

 

حكومه‌تی عێراق له‌ نێوان دوو بژاره‌ى هه‌ستیاردا ماوه‌ته‌وه‌: راگرتنی دڵی ئێران و حه‌شدی شه‌عبی یان هێشتنه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق. سه‌رۆكوه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق داوا ده‌كات حكومه‌تی داهاتوو پرسی هێزه‌ بیانییه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه‌.
بژاره‌ ئابووری و سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا
دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، فه‌رمانده‌ی كه‌تایبی حیزبوڵڵای عێراق، فراكسیۆنه‌ شیعه‌كانی ناو په‌رله‌مان پرۆژه‌ بڕیارێكیان تێپه‌ڕاند بۆ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق. ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌نیاز نییه‌ به‌ده‌م ئه‌و داوایه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پێنجی كانوونی دووه‌می په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ بچێ كه‌ كورد و سوننه‌ به‌شدارییان تێدا نه‌كرد، وه‌ك كارتێكی گوشاریش په‌نای برده‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ئابووری.
هه‌فته‌ی رابردوو، به‌رپرسانی عێراق به‌ رۆژنامه‌ی (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی ئه‌مریكییان راگه‌یاند كه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هۆشداری داوه‌ته‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ر، ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌ربكرێن، ئه‌وه‌ واشنتن له‌ به‌رامبه‌ردا رێگه‌ نادات بانكی ناوه‌ندیی عێراق ده‌ستی به‌ هه‌ژماره‌كه‌ی له‌ بانكی یه‌ده‌كی فیدراڵیی ئه‌مریكا رابگات.
عێراق وه‌ك وڵاتانی دیكه‌ی جیهان هه‌ژماری له‌و بانكه‌ ئه‌مریكییه‌ هه‌یه‌ كه‌ داهاتی فرۆشی نه‌وتی تێدا داده‌نرێ. ئه‌وه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌غدا له‌ داهاتی نه‌وت بێبه‌ش ده‌كات و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی دراوی قورسی عێراق وشك ده‌كات كه‌ بۆ راگرتنی به‌های دینار له‌ بازاڕه‌كاندا پێویستی پێیه‌. هۆشدارییه‌كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌، هه‌شتی كانوونی دووه‌م له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به‌ عه‌بدولمه‌هدی دراوه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ بارودۆخه‌كه‌ به‌ ماڵپه‌ڕی (ئه‌لمۆنیته‌ر)ی ئه‌مریكی ده‌ڵێ، ئێستا عه‌بدولمه‌هدی ده‌یه‌وێ رێگه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق بمێننه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی میلیشیا شیعه‌كان تووڕه‌ بكات. ره‌یحان حه‌ننا ئه‌یوب، ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانیش ده‌ڵێ: “گوشارێكی زۆر له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌، هه‌موو داتا و راپۆرته‌كان ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ عێراق له‌ڕووی ئابووری، دارایی و سه‌ربازییه‌وه‌ ئاماده‌گیی ئه‌وه‌ی نییه‌ به‌ره‌نگاری داعش و گروپه‌ تاوانكاره‌كان ببێته‌وه‌”.
هه‌فته‌ی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ رایگه‌یاند، له‌دوای سه‌ردانه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی بۆ كوردستان هه‌ستیان كردووه‌ حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێ ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات، نه‌ك به‌گژداچوون. بارزانی گوتی: “بیرۆكه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بگه‌نه‌ فۆرموله‌یه‌كی نوێ، یان با بڵێم رێكخستنه‌وه‌ی وجوودی ئه‌مریكییه‌كان و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق له‌ داهاتوودا”.
ئیداره‌ی كۆشكی سپی هه‌ر به‌وه‌نده‌ نه‌وه‌ستاوه‌ و بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌ حاڵه‌تی ده‌ركردنی هێزه‌كانی له‌ عێراق، هاریكاریی سه‌ربازی بۆ عێراق به‌ به‌های 250 ملیۆن دۆلار كه‌مبكاته‌وه‌. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگریی ئه‌مریكا له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا باسی ئه‌و پرسانه‌یان كردووه‌. ئیمه‌یڵی راگۆڕینه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌ست رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ كه‌وتووه‌.
به‌پێی ئیمه‌یڵه‌كان، نووسینگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی نزیك، له‌ به‌رنامه‌یدایه‌ 100 ملیۆن دۆلار له‌و هاریكارییه‌ سه‌ربازییانه‌ش كه‌مبكاته‌وه‌ كه‌ له‌ بودجه‌ی سه‌ربازیی ساڵی 2021دا بیریان لێكراوه‌ته‌وه‌. له‌ یه‌كێك له‌ ئیمه‌یڵه‌كاندا هاتووه‌ “ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ له‌ عێراق بگۆڕێ، ئه‌وه‌ (پلانه‌كه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هاریكارییه‌ داراییه‌ سه‌ربازییه‌كان) وا ناكات له‌ كۆنگرێس پێداچوونه‌وه‌ی دیكه‌ش به‌ هاریكارییه‌ بیانییه‌كان نه‌كرێ”.
كوردستان و كێشه‌ی راگرتنی هاوسه‌نگی
له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا، پاراستنی هاوسه‌نگیی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئێران به‌شی خۆی قورس بووه‌. له‌ دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، راگرتنی هاوسه‌نگی كارێكی یه‌كجار سه‌ختتره‌. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوویدا گوتبووى: “ئێمه‌ له‌ كوردستان حه‌ز ناكه‌ین عێراق ببێته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حیساباتی نێوان ئێران و ئه‌مریكا”، به‌ڵام ره‌تی نه‌كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی به‌غدا كه‌وتووه‌ته‌ ناو ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌.
پێش كوژرانی سوله‌یمانی له‌ سێى كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ، ئیداره‌ی ئه‌مریكی داوایان له‌ هه‌ولێر كردبوو به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئیدانه‌ی ئه‌و گروپه‌ شیعانه‌ بكات كه‌ هه‌ڵیانكوتابووه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا. سه‌ره‌تای كانوونی دووه‌م، كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ی ئاگادار به‌ (ئه‌لمۆنیته‌ر) یان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌مریكییه‌كان ته‌نانه‌ت ره‌شنووسی به‌یاننامه‌یه‌كیشیان به‌ حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان دابوو. گوشاره‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌یڤید شێنكه‌ر و جۆی هوود بووه‌ كه‌ هه‌ردووكیان به‌رپرسی باڵای فه‌رمانگه‌ی كاروباری ئاسیای نزیكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكان.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌، شێنكه‌ر به‌ دواكه‌وتن و زمانی نه‌رمی به‌یاننامه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم دڵگران بووه‌. به‌رپرسانی ئه‌مریكی رۆڵی سوله‌یمانی له‌ رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017یان بیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خستبووه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا كورد باسی ده‌سته‌وه‌ستانیی ئه‌مریكایان كردبوو له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه‌ كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ به‌رچاوی ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ركووك له‌ده‌ست بچێ.
دوای كوژرانی سوله‌یمانی، ئێرانییه‌كانیش گله‌یی خۆیان له‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی. نه‌سروڵڵا ره‌شنوودی، كۆنسوڵی گشتیی ئێران له‌ هه‌ولێر به‌ (رووداو)ی راگه‌یاند “له‌م كاره‌ تیرۆریستییه‌دا، ئێمه‌ چاوه‌ڕێی زیاترمان (له‌ هه‌رێمی كوردستان) ده‌كرد. چاوه‌ڕێی ئیدانه‌یه‌كی ئاشكراتر و زه‌قترمان ده‌كرد”.
هه‌رێمی كوردستان سنوورێكی درێژی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، سه‌رۆكی هه‌رێم پێیوایه‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی 8ی كانوونی دووه‌م بۆ سه‌ر عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د و هه‌رێمی كوردستان “په‌یامێكی زۆر روون بوون بۆ هه‌موو لایه‌نێك كه‌ ئێران ویست و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ هه‌موو به‌شێكی عێراق بدات”. به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ “وجوودی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان پێویستییه‌كه‌ بۆ هه‌موو عێراق”.
له‌ دوای هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر بنكه‌ی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د و سووربوونی ئێران و حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر ده‌ركردنی ئه‌مریكییه‌كان، باس له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌كان ئه‌وه‌یه‌ به‌شی زۆری هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بۆ كوردستان بگوازرێنه‌وه‌. 
له‌ دوای په‌لاماری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ری شیعه‌، هاوپه‌یمانان هه‌موو ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانیان له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان راگرتووه‌، سه‌ره‌تا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بوو هه‌فته‌ی رابردوو ده‌ستیان به‌كار كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێنتاگۆن ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.
نیكۆلاس هێره‌س، شاره‌زای رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له‌ ناوه‌ندی ئاسایشی نوێی ئه‌مریكا  (CNAS)له‌ راپۆرتێكدا بۆ گۆڤاری (نه‌شناڵ ئینترست)ی ئه‌مریكی ده‌ڵێت: “ناسه‌قامگیریی عێراق (له‌دوای كوژرانی سوله‌یمانی) و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی داعش به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵانی داهاتوودا كوردستان به‌شێكی گرنگ ده‌بێت له‌ سیاسه‌تی دژه‌تیرۆری ئه‌مریكا”. بۆ ئه‌وه‌ش پێشنیازی دانانی هاوئاهه‌نگیكارێكی ئه‌منیی ئه‌مریكا بۆ باكووری عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
به‌ڵام لێكۆڵه‌رانی ئه‌مریكیی شاره‌زای سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێیانوایه‌ گواستنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان كێشه‌ی یاسایی و ئه‌منی بۆ هه‌رێمی كوردستان دروستده‌كات.
كێنێس پۆڵاك، شرۆڤه‌كاری پێشووی سی ئای ئه‌ی و شاره‌زای عێراق له‌ ناوه‌ندی ئه‌مێریكه‌ن ئینته‌رپرایز، له‌ لێدوانێكدا بۆ (ئه‌لمۆنیته‌ر) پێیوایه‌ “ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكی باش ده‌بێ بۆ كورد” به‌ڵام جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دۆخی ئێستا له‌ دۆخی كاتی هێرشه‌كانی 2014ی داعش جیاوازه‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ “دوای كوژرانی سوله‌یمانی، هیچ لایه‌نێك نایه‌وێ وه‌ك هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا ببینرێ، ئه‌گه‌ر كورد هه‌وڵبدات ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ بقۆزێته‌وه‌، ره‌نگه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ به‌ره‌وڕووی لێدانی به‌كۆمه‌ڵ ببنه‌وه‌”.
 سه‌رچاوه‌ :  https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/260120201
We take processes apart, rethink, rebuild, and deliver them back working smarter than ever before.