بەشەکان

ئەمریكا رووی لە هەرێمی كوردستانە

بەشەکان

لە دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی، یەكەم كاردانەوەی ئێران بریتی بوو لە گوشار خستنە سەر شیعەكان، بە تایبەتیش وەكیلە سیاسییەكانیان لە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بەزووترین كات یاسایەك دەربكەن بۆ دەركردنی بیانییەكان (كە لەڕاستیدا مەبەستیان ئەمریكییەكان بوو) لە خاكی عێراق. ئەم هەنگاوە پێشبینیكراو بوو، چونكە پێشتریش موقتەدا سەدر و هادی عامری و ئەبومەهدی موهەندیس چەندین جار داوای دەرچوونی هێزە ئەمریكییەكانیان كردبوو. لەدوای دەرچوونی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق، یەكەم شوێن كە ئەمریكییەكان و هاوپەیمانەكانیان لە عێراقدا روویان تێكرد هەرێمی كوردستان بوو. بە جۆرێك هەر لە هەمان رۆژدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێوەندی بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد. وەك دەزانین مایك پۆمپایۆ لە 2017 بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا بووە، دیارە لەو كاتەشدا هەماهەنگیی زۆر هەبووە لە نێوان ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان كە سەرۆكی حكومەتی ئێستای هەرێمی كوردستان بەرپرسی بوو، هەروەها ئاژانسی سی ئای ئەی كە پۆمپایۆ بەرپرسی بوو. تا ئەو ئاستەی ئەمە وای كرد كە بەشێك لە میدیای ئێران پروپاگەندەی ئەوە بكەن گوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكییەكان كردووە بۆ كوشتنی قاسم سولەیمانی.
رووداوی كوشتنی سولەیمانی، ئەمریكی و ئەوروپیەكانی دڵنیا كردەوە كە تاكە شوێنی ئەمین بۆ ئەمریكییەكان لە عێراقدا هەرێمی كوردستانە. لەو رۆژەوەی كە قاسم سولەیمانی كوژراوە، پێگەی دیپلۆماسی و سیاسیی هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و چەندان سەركردە و پلەداری ئەمریكی دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم هەبووە. 
دەیڤد شەنكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە چوار دیداری جیادا لەگەڵ هەریەك لە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بەجیا كۆبووەتەوە، بەپێی بەشێك لە زانیارییەكان لەو كۆبوونەوانەدا پەرەپێدانی ئاستی هاوكاریی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا و ئایندەی عێراق و دەستوەردانی ئێران لە كاروباری عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە و ئەمریكییەكان بەرپرسانی كوردیان ئاگادار كردووەتەوە كە دەیانەوێت بنكە سەربازییەكانیان لە هەرێمی كوردستان بۆ پێنج بنكەی سەربازی زیاد بكەن، واتا بێجگە لە بنكەی سەربازیی هەریر و بنكەیەكی سەربازی لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر، دەیانەوێت بنكەیەكی سەربازی لە پارێزگای سلێمانی و یەكێكی تر لە پارێزگای هەڵەبجە و یەكێكیش لە باشووری شاری هەولێر و لە نزیك مەخموور  بكەنەوە. 
لە هەمانكاتدا ژمارەی سەربازەكانیشیان لە 450 سەربازەوە بۆ دوو هەزار سەرباز زیاد بكەن، لەگەڵ بەردەوامبوونیان لە مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە. بێجگە لەوە، ئەمریكییەكان هەنگاوەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ تەواوكردنی كونسوڵخانەكەیان لە شاری هەولێر كە بە گەورەترین كونسوڵخانەی ئەمریكا دادەنرێت لە جیهاندا (بە رووبەری 51 دۆنم و بە تێچووی 795 ملیۆن دۆلار). ئەم هەنگاوانە هەموویان ئاماژەن بۆئەوەی كە هەرێمی كوردستان پێگە و متمانەیەكی جیای هەیە لەوەی عێراق، لە ئەگەری كشانەوە و نەكشانەوەشیان دەتوانین بڵێین كە وێستگەی دووەمی ئەمریكییەكان لە عێراقدا رووی لە هەرێمی كوردستانە. 
چاوشئۆغڵوش لە بەغدا بوو! 
‌هیچكام لە دراوسێكانی عێراق هێندەی توركەكان لە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق ناترسن، بەتایبەت ئەگەر یاسای دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق سەربازەكانی توركیاش بگرێتەوە، بۆ توركەكان پرسی كورد بە گشتی و پرسی پەكەكە بەتایبەتی بابەتی هەرە سەرەكی پێوەندییەكانیانە لەگەڵ عێراق، ئینجا لە پلەی سێیەم پرسە ئابوورییەكان دێن. پێدەچێت ئەو هاتنەی چاوشئۆغڵو پێوەندی بە كۆمەڵێك پرسەوە هەبێت، لە سەرووی هەموویانەوە رێگەدان بە مانەوەی هێزەكانی توركیا لە عێراق، واتا تا ئەو كاتەی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بێت، نابێت یاسای دەركردنی هێزە بیانییەكان سوپای توركیا بگرێتەوە. پرسی دووەم كە هەمیشە لە خەیاڵی توركەكاندا بووەتە مۆتەكە، ترسیانە لە یەكپارچەیی خاكی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی هەوڵی دابەشكردنی. 
بەپێی چەند سەرچاوەیەك، چاوشئۆغڵو داوای لە بەرپرسانی بەغدا كردووە بەزوترین كات لەسەر سەرۆكوەزیرانێكی نوێ رێكبكەون بە جۆرێك ئامادەیی توركیای بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان پیشانداوە ئەگەر بەغدا ئامادەبێت قەرزەكانی سەر هەرێم لەئەستۆ بگرێت و رەچاوی بەرژەوەندییەكانی توركیاش بكات. تەوەری سێیەمیان كە توركەكانی نیگەران كردووە، ئەوەیە كە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، ئەوەش جموجوڵی ئابووریی عێراق و توركیا زۆر لاواز دەكات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەردوو هەنگاوەكەش بە زیانی ئابووریی توركیا تەواو دەبن و كاریگەریی راستەوخۆیان دەبێت بەسەر قەبارەی پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ئەنكەرە و بەغداوە. 
كێ بۆشایی ئەمریكا پڕدەكاتەوە؟ 
لەناو بەشێك لە ئیدارەی سەرۆك ترەمپدا رایەك دروست بووە كە پاراستنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوین لە بەرژەوەندیی رووسیایە، بە جۆرێك كە ئەمریكا باجێكی زۆری گیانی و ماددی دەدات بەڵام ئەوەی بەرەكەی دەخوات رووسەكانن نەك ئەمریكییەكان. بە تایبەت كە ئێستا رووسەكان لەگەڵ توركیا، سووریا، ئێران، عێراق و هەروەها سعودیەش پێوەندیی سیاسی و ئابووریی باشیان هەیە. تا ئەو ئاستەی ئەو وڵاتانەی سەركەوتوو نابن لە پێوەندی لەگەڵ ئەمریكا، رووسیا زوو دێتە سەرخەت و كەلێنەكەی ئەمریكا پڕدەكاتەوە. ئەمەی باسمان كرد هەڵبەتە بۆ عێراقیش راستە، واتا لە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق رووسیا ئامادەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەلێنە، بۆ ئەم مەبەستە ئێرانیش هاوكار دەبێت. بەڵام لەڕاستیدا ئەستەمە رووسەكان بتوانن بە ئەندازەی ئەمریكییەكان پەرۆش بن بۆ بنیاتنانەوەی عێراق، چونكە مۆسكۆ خۆی بە بەرپرسیار نازانێ بەرامبەر بەو دۆخەی عێراقی تێكەوتووە. 
چەند رۆژێك لەمەوبەر برێت ماكگۆرك لە چاوپێكەوتنێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا، رووسیا ئامادەیە ئەو كەلێنەی ئەمریكییەكان پڕبكاتەوە، بە جۆرێك كە لە ماوەیەكی كەمدا ئاڵای رووسیا بە فەرمی لە عێراقدا دەشەكێتەوە، ئەگەر ئەمریكییەكان عێراق جێبهێڵن. ئەمەش لەڕاستیدا دەسكەوتێكی گەورە دەبێت بۆ ئێرانییەكان و پاشەكشەیەكی گەورەش دەبێت لە پرۆسەی دیموكراسی و دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق و دواتریش هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكان لە عێراقی دوای 2003 دا.
سه‌رچاوه‌  :  https://www.rudaw.net/sorani/opinion/15012020
We take processes apart, rethink, rebuild, and deliver them back working smarter than ever before.