بەشەکان

ئەمەریكا و توركیا لە پێنج خاڵدا لەبارەی ناوچەی ئارامەوە ناكۆكن

بەشەکان

پێنج خاڵ وەك سەرەكیترین ناكۆكییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا لەبارەی دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا(ڕۆژئاوای كوردستان)، لەلایەن ڕۆژنامەیەكی نزیك لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە توركیا بڵاوكرایەوە.

لە كاتێكدا لە ڕۆژی 7ی ئەم مانگە دوای كۆبوونەوەیەكی سێ ڕۆژیی نێوان شاندی ئەمەریكا و توركیا لە ئەنقەرە، ئاماژە بە ڕێككەوتنی ئەو دوو وڵاتەكرا لەبارەی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سوریا، بەڵام هێشتا چەند خاڵێكی گرنگ ماون كە ئەنقەرە و واشنتۆن ناكۆكن لەبارەیانەوە و گفتوگۆكانیان لەو بارەیەوە بەردەوامە.

ئەمڕۆ شەممە، ڕۆژنامەی یەنی شەفەق(نزیك لە پارتەكەی ئەردۆغان) ئەو پێنج خاڵەی بڵاوكردەوە كە تا ئێستا مایەی ناكۆكیی بەرپرسانی توركیا و ئەمەریكایەو نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێككەوتنێك لەوبارەیەوە.

بەپێی ڕۆژنامەكە، خاڵی یەكەمی ناكۆكییەكە لەبارەی قووڵی ناوچە ئارامەكەوەیە. هەرچەندە بەرپرسانی توركیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەڵێنی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارامی بە قووڵی 32 كیلۆمەتر پێداون، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی هەبەرتورك لە ڕۆژی چوارشەممەدا، بەرپرسانی ئەمەریكا پێشنیاریان كردووە ناوچە ئارامەكە لە سێ پشتێنی جیاواز پێك بێت، تەنها لە پێنج كیلۆمەتری سەرەتای ناوچە ئارامەكەشدا توركیا و ئەمەریكا مانۆڕی سەربازیی هاوبەش ئەنجام بدەن.

دووەم خاڵ كە هێشتا ئەو دوو وڵاتە نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەبارەیەوە، كشانەوەی هێزە چەكدارەكانی باكووری سوریایە لە ناوچە ئارامەكە. توركیا داوا دەكات هەموو ئەو هێزانە كە ئەوان بە گروپی “تیرۆرستی” ناوی دەبەن لەناوچە ئارامەكە بكشێنەوە. بەڵام ئەمەریكا دەڵێت پێویستە تەنها ئەو هێزانەی “نزیكن لە پەكەكەوە”(واتە یەپەگە) لەناوچە ئارامەكە بكشێنەوە و دەبێت زۆرینەی هێزەكانی سوریای دیموكرات(یەپەگە پێكهێنەری سەرەكی ئەو هێزانەیە) لەناوچەكە بمێننەوە.

خاڵی سێیەمی ناكۆییەكان پەیوەندی بە پڕچەككردنی یەپەگەوە هەیە. هەفتەی ڕابردوو مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، جارێكی دیكە ڕەخنەی تووندی لە ئەمەریكا گرت بۆ بەردەوامیی لە پڕچەككردنی یەپەگە. توركیا دەیەوێت پڕۆسەی ناردنی چەك و پێداویستی سەربازیی بۆ یەپەگە و هەسەدە بوەستێت و چەكە قورسەكانیش لە یەپەگە بسەندرێنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەمەریكا نەچووەتە ژێرباری جێبەجێكردنی ئەو داواكارییەوە.

كێشەی چوارەمی نێوان ئەمەریكا و توركیا لەبارەی ناوچە ئارامەكەوە پەیوەندی بە كاتەوە هەیە. چاوشئۆغڵۆ چەند جارێك بەرپرسانی ئەمەریكای تۆمەتباركردووە بە بەكارهێنانی تاكتیكی كوشتنی كات ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو ڕێككەوتنە هاوبەشە ئەمنییەی نێوان ئەو دوو وڵاتە كە لەساڵی 2018 لەبارەی شارۆچكەی مەنبجەوە واژۆیان كرد، بەڵام ڕێككەوتنەكە وەك توركیا دەیویست نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە. لە ئێستادا توركیا دەیەوێت هێزە سەربازییەكانی خۆی و ئەمەریكا پێش كۆتایی ئەم مانگە بچنە ناو باكوری سوریاوە و چەند ناوچەیەكی دیارییكراو كۆنتڕۆڵ بكەن.

دواین خاڵی ناكۆكی واشنتۆن و ئەنقەرە لەبارەی پێكهاتەی بەڕێوەبردنی مەدەنیی ئەو شار و شارۆچكانەیە كە دەكەونە سنووری ناوچە ئارامەكەوە. ئەمەریكا دەیەوێت هەمان ئەو یەكە ئیدارییانەی كە پێشتر دامەزراون و ناوچەكانیان بەڕێوەبردووە بەردەوام بن لەسەر كارەكانیان، بەڵام توركیا سوورە لەسەر ئەوەی یەكە ئیدارییەكان لەلایەن زۆرینەی عەرەب و توركمانەكانەوە بەڕێوەببرێن و یەپەگە تۆمەتبار دەكات بە گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێمەكە.

توركیا بەردەوام داوای كردووەو فشاری كردووە ئەمریكا لە كوردانی ڕۆژئاوا دووربخاتەوە، بەڵام واشنتۆن نەچووەتە ژێرباری ئەو فشارانەو پشتی لە شەڕڤانانی یەپەگە نەكردووە كە هاوپەیمانێكی سەرەكیی‌و تێكشێنەری داعش بوون لە سوریاو لەسەردەتی ئەوان خەلافەتی داعش كۆتایی پێهات.

یەپەگە پێكهێنەری سەرەكی هێزەكانی سوریای دیموكراتەو تەواوی ڕۆژئاوای كوردستان‌و بەشێك لە ناوچەكانی دیكەی سوریای لە باكوری ئەو وڵاتە بەدەستەوەیە، توركیا یەپەگە بە درێژكراوەی پەكەكە لە قەڵەم دەدات‌و بە “تیرۆریست”‌و مەترسیی لەسەر ئاسایشی وڵاتەكەی ناوی دەبات هەربۆیە دەیەوێت لە ژێرناوی ناوچەی ئارام لەسەر سنورەكانی، بچێتە خاكی ڕۆژئاوای كوردستانەوە.

سه‌رچاوه‌ :  پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

We take processes apart, rethink, rebuild, and deliver them back working smarter than ever before.