بەشەکان

ده پرسیار لەبارەی هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا

بەشەکان

پرۆسەی هەڵبژاردنی کۆنگرێس لە ئەمریکا دەستیپێکرد کە تێیدا ئەمریکییەکان دەنگ دەدەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەشێکی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەیان.

ئەم هەڵبژاردنە وەکو هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەدای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەیردەکرێت، کە دوو ساڵە حوکمڕانی وڵاتەکەی دەکات.

10 پرسیار و وەڵام لەبارەی هەڵبژاردنەکە:

1- هەڵبژاردنی میدتێرم لە ئەمریکا چییە؟

ئەمریکییەکان هەموو چوارساڵ جارێک، لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا دەنگ بۆ سەرۆکێکی نوێ دەدەن. هەڵبژاردنی میدتێرم دەکەوێتە نیوەی خولی سەرۆکایەتی و لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدەدرێت.

2- ئەمریکییەکان لە هەڵبژاردنی میدتێرم دەنگ بە چی دەدەن؟

ئەمریکییەکان دەنگ بە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران دەدەن، واتە بۆ هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا، کە کۆنگرێس ناوەندی یاسادانانی حکومەتی ئەمریکایە.

3- کۆنگرێسی ئەمریکا بە هەردوو ئەنجوومەنەکەیەوە چەند ئەندامی هەیە؟

ئەنجوومەنی نوێنەران 435 ئەندامی هەیە و ئەنجوومەنی پیرانیش 100 ئەندامی هەیە.

4- چەند نوێنەر بۆ هەردوو ئەنجوومەنەکە لە هەڵبژاردنی میدتێرم هەڵدەبژێردرێن؟

لە هەڵبژاردنی میدتێرمدا، هەر 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 نوێنەر لە ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێردرێن.

5- ماوەی خوولی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا چەندە؟

ماوەی خولی ئەنجوومەنی نوێنەران تەنیا دووساڵە، هی ئەنجوومەنی پیران شەش ساڵە.

6- براوەی هەڵبژاردنەکە کێیە؟

هەر پارتێک بتوانێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران، 218 نوێنەر و لە ئەنجوومەنی پیران 51 نوێنەر بباتەوە، دەبێتە براوەی هەڵبژاردنەکە و زۆرینە دەبێت لە کۆنگرێس.

7- راپرسییەکان چی دەڵێن؟

بەپێی ئەو راپرسییانەی لە ئەمریکا لەبارەی ئەم هەڵبژاردنە کراون، دیموکراتەکان ئەگەری زۆرە زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران ببنەوە، کۆمارییەکانیش پارێزگاری لە زۆرینەکەیان لە ئەنجوومەنی پیران بکەن، کە ئێستا 51 ئەندامیان لەم ئەنجوومەنەکە هەیە.

8- ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاری لە حکومەتی ئەمریکا دروستدەکات؟

نەخێر، چونکە حکومەتی ئەمریکا لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پێکدەهێندرێت و سەرۆکایەتی دەکرێت، سەرۆکی ئەمریکاش چوار ساڵ جارێک لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا لەلایەن خەڵکی ئەمریکاوە هەڵدەبژێردرێت.

9- بردنەوەی دیموکراتەکان لەم هەڵبژاردنەدا، چی لە پرسی حوکمڕانی ئەمریکا دەگۆڕێت؟

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوو، کۆمارییەکان لە هەردوو ئەنجوومەنەکە زۆرینەن و ئیدارەکەی ترەمپ پشتیوانی تەواوی کۆنگرێسی وڵاتەکەی هەبووە، بە ئاسانی بەرنامەکانی جێبەجێکردوون، بەڵام ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا دیموکراتەکان زۆرینەی کۆنگرێس، یان یەکێک لە ئەنجوومەنەکان ببەنەوە، ئەو کاتە حکومەتی ئەمریکا لە هەموو کارێکیدا کە بەدڵی دیموکراتەکان نەبێت، ناتوانێت بە ئاسانی کارەکانی جێبەجێبکات و رووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە لەبەدەستهێنانی پشتیوانی کۆنگرێس بۆ ئەو بڕیارانەی پێویستییان بە پشتیوانی کۆنگرێسە.

10- پرسی سەرەکی لە هەڵبژاردنی میدتێرم چییە؟

ئەم هەڵبژاردنە وەکو گشتپرسییەک لەبارەی ئەدای حکومەتی ئەمریکا و خودی سەرۆکی ئەمریکا سەیری دەکرێت، ئەمەش وایکردووە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ خۆی، بەشداری لە زۆربەی کۆبوونەوەکانی پارتەکەی بکات و بە چڕی بانگەشە بۆ نوێنەرانی پارتەکەی بکات تاوەکو بتوانن پارێزگاری لە باڵادەستیان لە هەردوو ئەنجوومەنەکە بکەن. کۆماری و دیموکراتەکان رەخنەی تووند لەیەکدی دەگرن و سیاسەت و پرۆژەکانیان بۆ باشترکردنی رەوشی ژیانی خەڵکی ئەمریکا و پرسە پڕ لە کێشەکانی وەکو چاودێری تەندروستی، کۆچبەران دەخەنەڕوو.

چیدیکە؟

هەڵبژاردنی میدتێرمی ئەم ساڵ، دەگوترێت پڕخەرجیترین هەڵبژاردنە لە مێژووی ئەمریکادا، کە بەگشتی 5.2 ملیار دۆلار لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکەدا خەرجکراوە.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

We take processes apart, rethink, rebuild, and deliver them back working smarter than ever before.