لە پێناوی بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکیەکانی رێکخراوی شار بۆ راپرسی، کۆمەڵێک مەرج و رێنمایمان هەیە کە پێویستە رەچاو بکرێت، ئەم رێنمایانە چوارچیوەی کارەکان دەستنیشان دەکات و پەیوەندی نێوان رێکخراوی شار و ئەو لایەنەی کە راپرسی بۆ ئەنجام ئەدرێت، رون دەکاتەوە.

یەکەم: رێنمایی گشتی لە کاردا:
1. پارێزگاری لەسەر ئەنجامدانێکی زانستیانەی سەربەخۆی راپرسیەکە و شیتەڵکردنەوەی ئەنجامەکانی و رەتکردنەوەی هەموو کارێک کە پێچەوانەی ئەم خاڵەبێت.
2. هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ گەشەکردن و بەروەپێشەوەچونی رێگاکانی لێکۆڵینەوە و شیتەڵکردنەوە، بە رەچاوگرتنی هەموو ئەو ئامرازانەی کە راست و دروستی ئەنجامەکان دێنێتە دی.
دوهەم: رێنمایەکانی نێوان رێکخراوی شار و ئەو دەزگایەی کە راپرسیەکەی بۆ ئەنجام ئەدرێت
1. لێپرسراوێتی رێکخراوی راپرسی
• پێویستە دەزگای سودمەند لەکار و چالاکی و توانای رێکخراوی شار ئاگاداربکرێتەوە.
• گرنگە لەسەر دەزگاکە هەمو ئەو زانیاریانەی لەوم بارەیەوە ئەیدرێتێ، بە وردی و بابەتیانە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات.
• ئیلتیزام بە پێشنیاز و داخوازیەکانی ئەو لایەنە دەکات، کە کارەکەی بۆ ئەنجام ئەدات، هەر کاتێ ویستی یان بە باشی زانی کە گۆڕانێک لە خاڵێکدا یان چەند خالێکدا بکات، ئەوا پێویستە رەزامەندی دەزگای بەرامبەر وەربگرێت.
• نابێ ئەنجامی راپرسیەکە بێ رەزامەندی دەزگای بەرامبەر بڵاوبکرێتەوە، ئەگەر لەوەوپێش رێکەوتنێک لەو بارەیەوە نەبوبێت. بەڵام شێوەی راپرسی، تصمیمی پرسیارەکان و ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت و هەندی کاری فەنی تر، ئەوە کاری رێکخراوی شارە.
• ئەگەر رێکەوتنێکی هاوبەش لە نێوان رێکخراوی شار بۆ راپرسی و دەزگای سودمەند نەبێت، هەمو کاری راپرسی و ئەنجام و لێکۆلینەوەکان ناتوانرێت بفرۆشرێت یان بۆ ئامانجێکی تایبەت بەکار بێت، یان هەر لایەکیان بیدەن بەلایەکی تر، کە هاوبەش نەبێت لەو رێکەوتنەدا.
• ئەگەر رێکەوتنێک نەبێت، هەمو ئەو زانیاریانە و بەیاناتانە و هەموو بابەتێک کە پەیوەندی بە ئامادەکردنی راپرسیەکەوە هەبێت، موڵکی رێکخراوی شارە.

2. لێپرسراوێتی دەزگای سودمەند:
• پێویستە لایەنی سودمەند زانیاری تەواوی هەبێت دەربارەی نرخی راپرسیەکە. نابێت ئەو لایەنە، ئەو نرخە بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی نرخی هەرزانتر لە دەزگای هاوشێوەی ترەوە.
• پێویستە رێکەوتنێک لە نێوان رێکخراوی شار و لایەنی سودمەند ئەنجام بدرێت لەسەر شێوەی بڵاوکردنەوەی بەیاناتەکان، جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە بڵاوکردنەوەی ئەنجامی راپرسیەکە بەهەر شێوەیەک بێت، پێویستە زۆر بابەتیانە بێت و دوربێت لە لادان لە راستیەکان.
• پێویستە پرس بە رێکخراوی شار بکرێت لە کاتی بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکاندا، رێکخراوی شار مافی هەیە کە نەیەوێت ناوی ببرێت ئەگەر بڵاوکردنەوەکە دژی پرنسیپەکانی بوو.
• ڕیکخراوی شار، مافی هەیە، دوای تێپەربونی ماوەیەک (بەرێکەوتن لەگەڵ لایەنی سودمەندا) ئەنجامی راپرسیەکە بڵاوبکاتەوە.

3. ئەو رێنمایانەی کە پێویستە رەچاوبکرێت لە کاتی ئامادەکردنی راپۆرتەکان و ئەنجامی راپرسیەکان.
راپۆرت پێویستە ئەم رونکردنەوانەی خوارەوەی تێدا بێت:
• ئەو لایەنە کێیە کە راپرسیەکەی بۆ ئەنجام ئەدرێت.
• ئەنجامی راپرسیەکە چیە؟
• راپرسی لەنێوان کێدا ئەنجام ئەدرێت؟
• ئەو رێگایانە چین کە نمونەکان هەڵدەبژێرێت؟ وە شێوەی نمونەکان چۆنن؟
• راژەیەک دابنرێت بۆ سەرکەوتنی ئەنجامی راپرسیەکە، رەچاوی ئەوش بکرێت کە وەڵامی هاوڵاتیان وەک پێویست نەبێت یاخود ئەنجامی کۆتایی راپرسیەکە لەگەڵ خواستی سودمەندا زۆر گونجاو نەبێت.
• باسکردنی تەواوی ئەو رێگایانەی کە بەکاردێت بۆ ئەنجامدانی راپرسیەکە.
• چەند کات پێویستە بۆ راپرسیەکە و کۆکردنەوەی بەیاناتەکان.
• چۆن ئەنجامی گشتی راپرسیەکە کۆدەکرێتەوە.
• ئەگەر شیوەی راپرسیەکە پێویستی کرد، ئەتوانرێت باس لەوانە بکرێت کە راپرسیەکەیان ئەنجام داوە و ئەو رێگایانەی گرتویانەتە بەر بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.
• لە راپرسیەکەدا رێگای نوێی هاوچەرخی ئاشنا دەگیرێتەبەر وەک لە راپرسیدا بڵاوە.

4. ئەو ڕێنمایانەی کە پێویستە لە نێوان پرسیارکەر و ئەو کەسەی وەڵام ئەداتەوە، رەچاو بکرێت:
1. لێپرسراوێتی دەربارەی ئەوەی وەڵامی پرسیارەکان ئەداتەوە:
• نابێت ئەو کەسە، بە هیچ شیوەیەک کاریگەری لەسەر وەڵامی کەسی دوهەم هەبێت، وە نابێت هیچ رێگایەک بەکار بهێنرێت کە کەسی دوهەم ئارەزومەندانە نەتوانێت لە وەڵامدانەوە بکشێتەوە، یان وەڵام نەداتەوە، واتا کەسی دوهەم ئەبێت زۆر سەربەستانە وەڵام بداتەوە یان نەداتەوە.
• نابێت وەڵامەکان بە هیچ شتێکەوە ببسترێتەوە، بە شیوەیەک کە کەسایەتی دوهام دەربخات، نابێت راپرسیەکان راستگۆیانە بەرێوە نەچێت.
• زانیاریەکان دەربارەی ئەو کەسانەی پرسیارەکانیان ئاراستە دەکرێت، پێویستە بە نەهێنی بمێنێتەوە، لێکۆڵەرەوە نابێت ئەو زانیاریانە لە دژی ئەو کەسە بەکاربهێنێت و بە زیان بۆی بگەرێتەوە.
2. دەربارەی ئەوانەی راپرسیەکە ئەنجام ئەدەن
• نابێت هیچ زانیاریەک، دەربارەی راپرسیەکە کە دەستی دەکەوێت، بیگەیەنێتە هیچ شوێنێک جگە لە رێکخراوی شار و ئەوێش لە رێگای خۆیەوە دەیگەیەنێتە ئەو دەزگایەی کە راپرسیەکەی بۆ ئەنجام دراوە.
• ئەو زانیاریانەی کە لە ئەنجامی راپرسیەکە دەستی دەکەوێت، نابێت راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنیت یان بۆ پەیوەندیەک لەگەڵ ئەوانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا ئەنجام ئەدات.